فەرماندەیەکی ئەمریکا: چین پێش ساڵی ٢٠٢٤ ھێرش دەکاتە سەر تایوان
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
٥٩٨
(مایک غیلدای) بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا لە وەڵامی ئەنجومەنی ئەتڵەسی لەبارەی ئەگەری ھێرشی چین بۆ سەر تایوان لە ساڵی ٢٠٢٧ رایگەیاند، ئەو کارە تەنھا پەیوەست نیە بە قسەکانی سەرۆکی چین، بەڵکو پەیوەستە بە چۆنیەتی مامەڵەی چین لەگەڵ رەوشەکە.
وتیشی، لە دوو دەیەی رابردوودا چین ھەموو ئەو بەڵێنانەی داویەتی پێش وادەی خۆیان جێبەجێکردوون و پێویستە ئەمریکا بیر لەوە بکاتەوە کە چین دەتوانێت لەکاتێکی زۆر زووتر لەوەی پێشبینی دەکرێت رێوشوێنەکانی لە دژی تایوان دەستپێبکات.
پێشتریش (ئەنتۆنی بلینکن) وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چین سورە لەسەر یەکخستنەوەی تایوان بە پێی خشتەیەکی زەمەنی زۆر خێراتر، بەو پێیەی رەوشی ئێستای بە قبوڵنەکراو ناوبردوە.
ھەروەھا سەرۆکی چین لە کۆنگرەی ساڵانەی حزبی شیوعی چین کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەسترا، رایگەیاند، سورە لەسەر یەکخستنەوەی چین و تایوان و ئەگەر پێویست بکات ھێزیش بەکاردەھێنن.