ئەمریکا: بەڵگەمان ھەیە روسیا درۆنی ئێرانی لە ئۆکراین بەکارھێناوە
ئایار
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
٧٦٦
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەڵگەی زۆری ھەیە لەسەر بەکارھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی ئێرانی لەلایەن روسیاوە لە ئۆکراین.
راشیگەیاند، دوودڵ نابن لە سەپاندنی سزا و ھەر جۆرە رێکارێکی تر دژی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە پڕۆسەی گواستنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆ روسیا.
رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی ناردنی درۆنەکانی ئێران بۆ روسیا کۆبووەوە و لەکۆبوونەوەکەدا دیمیتری پۆلیانسکی جێگری نوێنەری ھەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، تۆمەتەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لەبارەی ئێرانەوە زۆر لاوازن و ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتی نییە لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە بکات.
لە وەڵامی ئەو قسانەدا ڤیدانت باتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پڕچەککردنی روسیا بە درۆنی ئێرانی، پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشە.