سوێڵا برەیڤەرمان سەبارەت بە ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی رایگەیاند، بە ئیمەیلی تایبەتی خۆی نامەیەکی رەسمی بۆ ھاوڕێیەکی ناردووە و ئەوەش ھەڵەیە و پێچەوانەی یاسایە، چونکە دەبوو بەشێوەیەکی پارێزراو و بەو رێکارانەی حکومەت بۆی دیاریکردووە بینێرێت. وتیشی بەرپرسیارێتی ئەو ھەڵەیە دەگرێتە ئەستۆ و دەستلەکاردەکێشێتەوە. 

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆ بەھۆی ناکۆکی سیاسییەوە نەبووە، بەڵکو بەھۆی ھەڵەیەکەوە بووە. 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە گومانی زۆر لەسەر مانەوەی لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دروستبووە و لە نێو پەرلەمانی وڵاتەکە بەھۆی شکستھێنانی پلانە ئابورییەکەیەوە، ھەوڵی لابردنی دەدرێت. 

دوێنێش ترەس لە پەرلەمانی وڵاتەکەی روبەڕوی لێپرسینەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بووە و رایگەیاند، ھەنگاوی پێویست دەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و جەختیکردەوە لەوەی بەپێی بەرژەوەندی وڵاتەکەی کاریکردووە.