لە رۆژی ١٦ی مانگی رابردووەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی سەقز دەستیپێکردووە و تائێستاش لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامە، شەوی رابردووش لە شارەکانی سەقز و ئەھواز و تاران و چەند شارێکی تر ناڕەزاییەکان درێژەیان ھەبوو.

ھاوکات ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆیی ئێرانیش رایگەیاند، ھێزە ئەمنی و ھەواڵگرییەکان کۆنترۆڵی خۆپیشاندانەکانیان کردووە و ئەوانەشی بەشداریان کردووە دەستگیرکراون.

وتیشی، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی دەستگیرکرابوون دوای پەشیمانبوونەوە و داننان بەوەی کەوتونەتە ژێر کاریگەری ھەواڵی ناراستی راگەیاندنەکانی وڵاتانی ناوچەکە ئازادکراون.

ھاوکات کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد وازبھێنن لە بەکارھێنانی توندتیژی دژی خۆپیشاندەران و بە پەلە دەستگیرکراوان ئازادبکەن.