وەزارەتی پاراستنی ھاووڵاتیانی یۆنان بڵاویکردەوە، "تورکیا بەردەوامە لە بەکارھێنانی کۆچبەران و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئیستیفزازییەکانی و ھەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە"، راشیگەیاند، پاسەوانانی سنووری یۆنان و تیمەکانی ئاژانسی چاودێری سنوورەکانی ئەوروپا، لە نزیک رووباری ئیڤرۆس ٩٢ کۆچبەری نایاساییان رزگارکردووە، کە لەلایەن تورکیاوە بە بێ جلوبەرگ بەرەو سنوورەکانی یۆنان رەوانە کرابوون.

راشیگەیاند، بە وتەی ئەو کۆچبەرانەی کە قسەیان بۆ پۆلیسی یۆنان کردووە، بە سێ ئۆتۆمبێلی تورکیا بۆ رووباری ئیڤرۆس گواستراونەتەوە و پاشان ناچارکراون سواری بەلەمێکی لاستیکی ببن و بەرەو یۆنان بڕۆن.

مانگی ئابی ئەمساڵ حکومەتی یۆنان، تورکیای بە فشارخستنە سەر سنوورەکانی تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، لە مانگی ئابدا رێگریان لە ٢٥ ھەزار کۆچبەر کردووە لە تورکیاوە بگەنە خاکی یۆنان.