وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامی سەردانەکەی بۆ ئێران لەگەڵ ھاوتا سعودیەکەی تاوتوێ دەکات
٣١ی ئابی ٢٠٢٢
٣١٥
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەنجامداوە و ئەنجامەکانی سەردانی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاران و پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێرانیان تاوتوێکردووە.
رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێک گەیشتە تاران و لەگەڵ ھاوتا ئێرانییەکەی و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
ئیبراھیم رەئیسیش، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حسین رایگەیاند، بنیادنانەوە و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە خزمەت بە ئاسایشی ناوچەکە دەکات، وتیشی، خولی پێنجەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و ریاز، سوودبەخشبوون، بۆیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ریاز ئاسایی دەبێتەوە ئەگەر سعودیە بەشێک لەو خاڵانە جێبەجێبکات کە لە دانوستانەکانیان بەڵێنیداوە.