ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی وەڵامی ئەمریکای لەسەر وەڵامی ئێران بۆ رەشنووسی کۆتایی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پێشنیازکراوە پێگەیشتووە و لەئێستادا تاران تاوتوێی وەڵامەکەی ئەمریکا دەکات و دواتر بۆچوونی خۆی لەسەر وەڵامەکە دەداتەوە یەکێتی ئەوروپا  کە نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا دەکات.

پێشتریش ئێران وەڵامی ھەمان پێشنیازی داوەتەوە و بە وتەی لێپرسراوانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا ، ئێران لە وەڵامەکەیدا نەرمی نواندووە و سازشی لەسەر ھەندێک دۆسێی ستراتیژی و خاڵی ناکۆک کردووە و دەستبەرداری یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بووە کە دەرھێنانی ناوی سوپای پاسدارانە لە لیستی تیرۆر.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، ئەوەش دوای چەند خولێک لە دانووستان لە نێوان وڵاتانی خۆرئاوا و ئێران کە لە ڤییەننا بەرێوەچوو.