بەکر بوزداغ، وەزیری دادی تورکیا، بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، تائێستا سوید و فینلەندا وەڵامی ئەرێنییان نەداوەتەوە، لەبارەی داواکەی ئەنقەرە بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی لە لایەن تورکیاوە بە تۆمەتی تیرۆر داوکراون، وتیشی، سوید و فینلەندا لە ئاستی چاوەڕوانی تورکیا بۆ رادەستکردنەوەی داواکراوەکان نەبوون.

ھەربۆیە تورکیا تانەیەکی نوێی بۆ ئەو دوو وڵاتە ناردووە و ھەمان داواکارییەکانی پێشووی لێکردوون، کە ئەنقەرە لە بەرامبەر ڕازیبوون بە بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ، داوای ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک داواکراو دەکات، کە لە تورکیا تۆمەتی تیرۆریان لەسەرە.

رۆژی ١٨ی ئایاری ئەمساڵ، سوید و فینلەندا داوای بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ پێشکەش کرد، کە سەرەتا تورکیا ناڕازی بوو، بەڵام دواتر تورکیا و سوید و فینلەندا یاداشتێکی ئەمنییان ئیمزا کرد و سوید و فینلەندا بەڵێنیاندا داواکراوەکان رادەستی ئەنقەرە بکەنەوە.