ئەردۆغان پێشنیازی بۆ زیلینسکی کردووە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ پوتن بکات
کوردسات نیوز
١٨ی ئابی ٢٠٢٢
٥٤٨
ئەردۆغان و زیلینسکی و گۆتێرێس، ھەوڵەکانی راگرتنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین و مەترسییەکانی سەر وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا و ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین بۆ بازاڕەکانی جیھان، تاوتوێ کرد، دوای کۆبوونەکەش لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند.
قەیرانی جیھانیی خۆراک بەبێ گەیشتنی بەرھەمە خۆراکییەکانی روسیا و ئۆکراین بە بازاڕەکان چارەسەر نابێت و لە مانگی رابردووشدا، ٢١ کەشتی پڕ لە گەنم بەندەرەکانی ئۆکراینیان جێھێشتووە، داواشی کرد، ھەمووان گەرەنتی سەرکەوتنی رێککەوتننامەی ھەناردەکردنی گەنمی ئۆکراین بکەن، وتیشی، پێویستە چەک و سەربازەکان لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا بچنە دەرەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش، رایگەیاند، تورکیا ئەوەی پێویست بێت دەیکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراین، پاڵپشتیی لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی ئۆکراینیش دەکەن، وتیشی، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی ئۆکراین لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، ھەروەھا سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، پێویستە روسیا بە خێرایی لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا بکشێتەوە و بۆردومانکردنی رابگرێت، وتیشی، دانوستان لەگەڵ روسیا ئەستەمە، مەگە روسیا لەو ناوچانەی لە خاکی ئۆکراین داگیریکردوون بکشێتەوە.
پێش دەستپێکردنی ئەو کۆبوونەوە سێقۆڵییە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، بە جیا لەگەڵ گۆتێرێس و ئەردۆغان کۆبووەوە، بەپێی زانیارییەکان ئەردۆغان پێشنیازی بۆ زیلینسکی کردووە، دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا بکات.