لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە سەرۆکایەتیی تورکیا ڕایگەیاند، ئەردۆغان ئامادەیی تورکیای بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکانی ڕووسیا و ئۆکراین، لە ئەنقەرە یاخود ئیستانبوڵ دەربڕیووە و داوای لە پوتن کردووە، ڕەچاوی ڕەوشی مرۆیی لە ئۆکراین بکات و ڕێڕەوە مرۆییەکان چالاک بکات.

ئەردۆغان ڕاشیگەیاندووە، کە ئاگربەستێکی ھەمیشەیی لە ئۆکراین، ڕەنگە ببێتە چارەسەرێکی درێژخایەن، لە بەرامبەردا ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، تاکو داماڵینی ئۆکراین لە چەک ھێرشە سەربازییەکانیان ڕاناگرن.

ھاوکات ئیبراھیم کاڵن، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەردۆغان و پوتن دوو بەش بووە و ھەندێک داواکاریی پوتن قورس نین، کە ئەوەن ئۆکراین بێلایەن بێت و نەبێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام پوتن داوای چەکدانان لە ئۆکراین دەکات و پێدەچێت ڕووسیا داوای دەستبەرداربوونی ئۆکراین لە ھەرێمی دۆنباس و داننان بە نیمچە دوورگەی کریمیا وەک بەشێک لە خاکی ڕووسیا، لە ئۆکراین بکات.