لێپرسراوێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندووە، ھێزەکانی روسیا ١٥ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر لە "کیێڤ"ی پایتەختەوە دوورە و تا ئێستاش روسیا ٩٥٠ مووشەکی ئاڕاستەی ئۆکراین کردووە، وتیشی ئەو کاروانە سەربازییەی روسیا کە بەرەو "کیێڤ" دەچێت سەرباری بۆردوومانەکان، ھێشتا پێشڕەوی نەکردووە.

ھاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ "کیێڤ"ی پایتەخت روبەڕووی بۆردوومان بووەتەوە و دوکەڵ و ئاگر لە چەند ناوچەیەک بەرزبووەتەوە.

بڕیاریشە ھەر ئەمڕۆ، "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا ھاوکاری ئەمنی بەبڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار پێشکەشی ئۆکراین بکات. 

وەزارەتی بەرگری روسیاش رایگەیاندووە، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا ١٣٠ دامەزراوەی سەربازی ئۆکراینی لەناوبراوە، لەسەرتای جەنگیشەوە، ١١ فڕۆکەی جەنگی ئۆکراین و ٦٨ ھەلیکۆپتەر و ١٦٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەناوبراون.

بە پێی ئامارێکی نوسینگەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ئۆکراین گەیشتۆتە ٦٩١ کوژراو و ھەزار و ١٤٣ بریندار، راشیگەیاندووە رەنگە ئاماری قوربانیان زۆر لەوە زیاتر بێت.