دەستەی پەخشی ئیسڕائیلی ڕایگەیاند، تەلئەبیب ڕووبەڕووی گەورەترین ھێرشێکی ئەلیکترۆنی بووەتەوە و بەھۆیەوە پێگە ئەلکترۆنیەکانی سەر بە حکومەتی ئیسڕائیل و چەند پێگەیەکی تر لە کار کەوتوون.

دەستەی نیشتمانی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئیسڕائیلیش باری نائاسایی ڕاگەیاندووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھێرشەکە و بە گەورەترین ھێرشی ئەلکترۆنی ناوی بردووە کە تا ئێستا کرابێتە سەر ئیسڕائیل.

ھەر یەکە لە پێگە ئەلیکترۆنییەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی و داد و کۆمەڵایەتی و پێگەی سەرەکی حکومەتی ئیسڕائیل کراونەتە ئامانجی ھێرشەکە.

لێپرسراوێکی ئەمنی ئیسڕائیل پێشبینیشیکردووە لایەنێکی حکومی یاخود ڕێکخراوێکی گەورە لە پشت ھێرشەکەوە بێت، چاودێرێکی ئەمنی ئیسڕائیلیش ڕایگەیاندووە، بە پێی لێکدانەوەکانی تەلئەبیب، پێدەچێت ئێران بەرپرسیاری ئەو ھێرشە بێت.