ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نەفتالی بێنیت سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، ڕایگەیاند، وەفدی ئۆکراین لە دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیا، کار لەسەر ڕاگرتنی جەنگ دەکەن و دانوستانەکانیش بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچن.

بڕیاربوو ڕۆژی دووشەممە خولی چوارەمی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکراین بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوەبچێت، بەڵام میخائێل پۆدۆلیاک، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکراین و ئەندامی وەفدی دانوستاندکاری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، دانوستانەکانیان تاکو ڕۆژی سێشەممە ڕاگیراون، بۆ ئەوەی کاری زیاتر لە گرووپە لاوەکییەکاندا بکرێت. ڕاشیگەیاند، ھەڵوێستیان نەگۆڕاوە و ئاشتی و ئاگربەست و کشانەوەی ھێزەکانی ڕووسیایان دەوێت.