جیک سۆلیڤان ڕاوێکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئیدانەی ھێرشە موشەکییەی سەر شاری ھەولێری دەکات و لە ھێرشەکەشدا ھیچ پێگە و ھاوڵاتییەکی ئەمریکا زیانیان پێنەگەیشتووە.


سۆلیڤان ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن کار دەکات لەسەر دەستنیشانکردنی ئەو ئامانجەی کە ئێران ھێرشی کردووەتە سەر، کاری پێویستیش دەکەن بۆ بەرگری لە ھاوڵاتییەکانیان و بەرژەوەندی و ھاوپەیمانەکانیشیان.


جەختیشیکردەوە، لەگەڵ حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕاوێژ دەکەن، بە مەبەستی ھاوکاریکردنیان بۆ بەھێزکردنی توانای بەرگری موشەکی، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە شارەکانیان بکەن.


وەزارەتی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە ١٢ موشەکی بالیستی لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانەوە ھێرشکراوەتە سەر شاری ھەولێر، دواتریش سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی خۆ لە ھێرشەکە ڕاگەیاند.