بەپێی ئامارێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، زۆرترین ڕێژەی قوربانییەکان بەھۆی شەڕی ناوخۆی یەمەن منداڵانن و لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ئێستا بە لایەنی کەمەوە ١٠ ھەزار نەوجەوان کوژراون و بریندار بوون.

لە ڕاگەیەندروێکدا فلیپ دوامێلێ نوێنەری یونیسێف لە یەمەن ڕایگەیاند تەنیا لە دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، ٤٧ منداڵ کوژراون یاخود کەمئەندامبوون لە یەمەن.

نوێنەرەکەی یونسێف ڕاشیگەیاند، بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان ھەر لە سەرەتای گرژییەکانی یەمەن ٧ ساڵ لەمەوپێش تاوەکو ئێستا ١٠ ھەزار و ٢٠٠ منداڵ کوژراون یاخود بریندار بوون، دەشڵێت پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان لەنێو منداڵان زۆر زیاتر بن.

ھاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی سعودیە ناوبەناو ھێرشی ئاسمانی دژی حوسییەکانی یەمەن ئەنجامدەدات و شەڕ و پێکدادانەکان لەدوای پێشڕەویی حوسییەکان چڕتر بوونەتەوە و زیانە ماددی و مرۆییەکانیش زیاتر بوون.