جۆزێف بۆریل لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ھەرچەندە دەقی کۆتایی بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئامادەیە و لەسەر مێزی دانوستانە، بەڵام بە ھۆکاری دەرەکی پێویستە دانوستانەکانی ڤییەننا ڕابگیرێن. وتیشی، بەردەوام دەبن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و لایەنەکانی تر بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

لە کاردانەوەی ڕاگرتنی دانوستانەکانیش، سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتەر ڕایگەیاند، ھیچ ھۆکارێکی دەرەکی کاریگەری لەسەر ئیرادەی ھاوبەشی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بە کۆمەڵ نابێت.

ئەمیر حسێن عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاند، ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سەرکەوتوو و بەھێز بەردەوامن و ئەگەر ئەمریکا جدی بێت، دەرئەنجامی دانوستانەکان دڵخۆشکەر دەبن.

لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە دانوستانی نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەستیپێکردەوە و تا ئێستا ٨ جار ئەندامانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی کۆبوونەتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکان ئەنجامیان نەبووە.