لیز ترەس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە چوارچێوەی سزاکانی بەریتانیا لەسەر روسیا، ٣٨٦ ئەندامی پەرلەمانی روسیایان خستووەتە لیستی سزاکانیان و رێگەیان پێنادرێت گەشت بۆ بەریتانیا بکەن و سەرجەم ماڵوموڵکیان لە بانکەکانی بەریتانیا بلۆک دەکرێت.

راشیگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانە دەنگیان بە سەربەخۆیی ھەردوو ھەرێمی لۆھانسک و دۆنێتسک لە ئۆکراین داوە و پشتگیرییان لە ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین کردووە، کە لە رۆژی ٢٤ی مانگی رابردووەوە دەستیپێکردووە.

رۆژی پێنجشەممە، حکومەتی بەریتانیا، ٧ سەرمایەداری روسیای خستە لیستی سزاکانی و ھەموو موڵەکانی ئەو سەرمایەدارانەی لە بانکەکانی بەریتانیا بلۆک کرد و رێگەیان پێنادرێت گەشت بۆ بەریتانیا بکەن.