دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر ڕاگەیەندراوەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی کوشتنی قوڕەیشی لە سوریا، ئەو گرووپە تیرۆریستییە، ئەبا حەسەن قوڕەیشی، وەک خەلیفەی نوێ ئاشکرا کرد.

لە تۆمارێکی دەنگیدا ئەبو عومەر موھاجیر، وتەبێژی گروپی تیرۆریستی داعش بڵاویکردەوە، سەرکردەی پێشووی داعش لە کاتی ئۆپراسیۆنێکی سوپای ئەمریکا لە پارێزگای ئیدلب خۆی تەقاندووەتەوە، دانی بەوەشدا ناوە، دوا شەڕ کە خەلیفەکەی پێشووی بەشداری تێدا کردووە، پەلامارەکەی سەر گرتووخانەی غوێران بووە لە شاری حەسەکە.

پسپۆڕێکی ئەمنی عێراقیش دەڵێت، سەرکردەی نوێی داعش لە نەوەی دووەمی گروپەکەیە و لەبەردەستی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی پێشووتری ئەو گروپە تیرۆریستییە پەروەردە و ڕاھێنانی پێکراوە و یەکێکیشە لە دامەزرێنەرانی داعش لە عێراق و سوریا.