ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە" بەبۆنەی رۆژی ئاشتی جیھانی راگەیەنراوێکی بۆ رایگشتی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، مەسەدە ھاوسۆزە لەگەڵ ھەموو ئەوانەی بەدوای ئاشتی و دادپەروەریدا دەگەڕێن لە سوریا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەموو جیھان.

راشیگەیاندوە، ئاشتی تەنیا نەبوونی شەڕ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئەرێنییە و پێویستی بە ھەوڵی بەردەوام ھەیە بۆ دروستکردنی متمانە و بەرزکردنەوەی لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لەنێوان ھەموو کەرتەکانی کۆمەڵگادا.

جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئاشتییەکی ڕاستەقینە بەبێ کۆتاییھێنان بە داگیرکاریی تورکیا و دەستێوەردانی ھەرێمی لە سوریا بەدی نایەت، داواش لە ھەموو لایەنەکانی سوریا و ناوچەکە دەکات بەرپرسیارێتی مێژوویی ھەڵبگرن و دڵسۆزانە کار بکەن بۆ کۆتاییھێنان بە توندوتیژی و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی ھەمەلایەنە و دادپەروەرانە.