رۆژنامەی" نۆز"ی ئەڵمانی بە پشتبەستن بە دوایین ئامارەکانی پەنابەران لە ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ژمارەی پەنابەران لە ئەڵمانیا ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٤٨٠ ھەزار پەنابەر و بەراورد بە ساڵی رابردوو ٦٠ ھەزار پەنابەر زیادیکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی ئێستای پەنابەران لە ئەڵمانیا، بەرزترین ئاستی پەنابەرانە لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە تا ئێستا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەنێو پەنابەرەکاندا، نزیکەی ملیۆنێک و ١٨ ھەزار پەنابەری ئۆکراینی ھەن، کە بەھۆی بارودۆخی وڵاتەکەیانەوە روویان لە ئەڵمانیا کردووە.

ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی ٩ـی ئەم مانگە، نانسی ڤیسەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رێنمایی نوێی دەرکرد، بۆ چڕکردنەوەی رێوشوێنەکانی روبەڕبوونەوەی شەپۆلی پەنابەران بەشێوەیەکی کاتی.