ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغداد رایگەیاند، دوای پێکھێنانی کابینەی حکومەتەکەی ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئەو وڵاتە، بڕیار لەبارەی بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعودیە دەدرێت.
ئاشکراشیکرد، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆڵی سەرەکی ھەبووە لە ئەنجامدانی گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی تاران و ریاز لە بەغداد.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵ و بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، کۆبوونەوەی نھێنی بەرپرسانی ئێران و سعودیە بە نێوەندگیری بەغداد دەستیپێکردووە و تائێستا چەند گەڕێکی دانوستانەکان بەڕێوەچووە، بەڵام بە کۆتایی ھاتنی سەرۆکایەتی حەسەن رۆحانی، دانوستانەکانیش راگیران.