لە بەردەوامی ئەو شڵەژاوی و ئالۆزییەی لە دوای کۆنترۆڵکردنی کابول لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە لە فرۆکەخانەی کابول دروستبوە ، سەر لە بەیانی ئەمرۆ پێنج کەس لەناو فرۆکەخانەکەدا کوژران. 

ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە بڵاویکردووەتەوە، ھۆکاری کوژرانی ئەو کەسانە بەھۆی تەقەکردنی ھێزەکانی ئەمریکاوە بووە کە بۆ دورخستنەوەی ھاوڵاتیە ئەفغانیەکان لە فرۆکەکان تەقەیان کردوە، بەڵام چەند شایەتحاڵێکی تر باس لەوە دەکەن کە ئەو پێنج کەسە لەکاتی ھەوڵدانیان بۆ سەرکەوتن بۆ فرۆکەکە بەھۆی پاڵنانەوە بەربونەتەوە و گیانیان لەدەستداوە .

تا ئێستاش ھەزاران کەس  لە دانیشتوانی کابول لە نێو فرۆکەخانەدا ماونەتەوە و دەیانەوێت لەگەڵ بیانییەکاندا وڵاتەکە جێبھێڵن، وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبانیش دەڵێت ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە فرۆکەخانەی کابولەوە بگەرێنەوە ماڵەکانیان رێگەیان پێدەدرێت و  بەبێ ئەوەی ھیچ ئازار بدرێن.