دوای ئەوەی محەمەد ئەشرەف غەنی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان وڵاتی جێھێشت و چەکدارانی تاڵیبان دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت، محەمەد نەعیم وتەبێژی تاڵیبان رایگەیاند، شەڕ لە ئەفغانستان کۆتایی ھاتووە و بە ئامانجەکەیان گەیشتوون کە بەوتەی خۆی ئازادی ئەفغانستان و گەلەکەیەتی، وتیشی، بەمنزیکانە حکومەتی نوێی ئەفغانستان رادەگەیەنرێت.

وتەبێژی تاڵیبانیش رایگەیاندلە ئێستادا ٩٠٪ بینا حکومییەکانی کابول لەژێر دەستی تاڵیباندایە و رێگە دەدەین بەو کەسانەی دەیانەوێت لە فرۆکەخانەی کابولەوە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و ئازار نادرێن. 

ھاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، کاتی ئەوە ھاتووە، جۆ بایدن بەشەرمەزارییەوە، بەھۆی ئەو ڕەوشەی بەسەر ئەفغانستانی ھێنا، دەست لەکاربکێشێتەوە.

دوای ئەوەی چەکدارانی تاڵیبان چوونەناو کابوڵەوە، ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لەو شارە چۆڵکرد و پنتاگۆنیش بڕیاریدا ھەزار سەربازی تر بۆ یارمەتیدانی کشانەوەی دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، رەوانەی ئەو وڵاتە بکات، بڕیاریشە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی رەوشی ئەفغانستان کۆببێتەوە.