دواین زانیاری لەبارەی رەوشی ئەفغانستانەوە
کوردسات نیوز
١٥ی ئابی ٢٠٢١
١٬٦٣٩
دوای چەند سەعاتێک لەوەی چەکدارانی تاڵیبان چوونەناو کابولی پایتەختی ئەفغانستان، ئاڵای ئەمریکا لەسەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە کابوڵ ھێنرایە خوارەوە، وەک دواین ھەنگاو بۆ چوڵکردنی باڵیۆزخانەکە، زۆربەی وڵاتانیش باڵیۆزخانەکانیان چۆڵکرد و کارمەندەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی کابول گواستەوە.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش داوای لە وڵاتان کرد، بزوتنەوەی تاڵیبان وەک حکومەت نەناسن، راشیگەیاند، پێویستە وڵاتان ھەڵویستێکی یەکگرتوو و گشتگیریان بەرامبەر رەوشی ئەفغانستان ھەبێت، بۆئەوەی رێگە نەدەن ئەو وڵاتە ببێتە ناوەندێک بۆ سەرھەڵدانی تیرۆر، بڕیاریشە سبەینێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر رەوشی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
چەکدارانی تاڵیبان چوونەناو کابولەوە و دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت و محەمەد ئەشرەف غەنیش سەرۆک کۆماری ئەفغانستان وڵاتەکەی جێھێشت.