دوای توندکردنی ڕێوشوێنەکان لەسەر سنووری لیتوانیا بۆ ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران، ئێستا کۆچبەران ڕێگەی پۆڵەندا بۆ پەڕینەوە لە بێلاروسەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەکاردەھێنن، بەڵام پۆڵەنداش ڕێگری لە چوونی ئەو کۆچبەرانە بۆ خاکی وڵاتەکەی دەکات و لەو چوارچێوەدا پاسەوانیی سنووریی پۆڵەندا لە ڕۆژی ھەینییەوە، ٣٤٩ کۆچبەری نایاساییان لە سنوورەکانیان لەگەڵ بێلاروس دەستگیرکردووە، کە زۆرینەیان ھاوڵاتی عێراق و ئەفغانستانن، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە لێشاوی کۆچبەران بەرەو سنوورەکانی پۆڵەندا.


ڕۆژی دووشەممە ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە ٢٨٠ کۆچبەری عێراقی، لە فڕۆکەخانەی مینسکی پایتەختی بێلاروسەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ بەغداد و تەرمی ئەو کۆچبەرە عێراقیانەش دەگەڕێننەوە، کە لەسەر سنووری لیتوانیا و بێلاروس گیانیان لە دەستداوە.


بەھۆی ناکۆکییە سیاسیەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، حکومەتی بێلاروس ئاسانکاری دەکات بۆ پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە سنوورەکانیەوە بەرەو ئەوروپا، بەو ھۆیەوە ھەزاران کۆچبەری عێراقی و سوری و ئەفغانی لەسەر سنوورەکانی بێلاروس و وڵاتانی ئەوروپا گیریانخواردووە و لە ڕەوشێکی خراپی مرۆییدا دەژین.