سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە باشوری لوبنانەوە سێ موشەک ئاڕاستەی شارەکانی کیبۆتس و شمونە و ناوچەی جەلیل لە باکوری ئیسرائیل کراون و دەستبەجێ وەڵامی ھێرشەکان دراوەتەوە و چەند پێگەیەکی ناو لوبنان تۆپباران کراوە، وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش رێنمایی داوەتە سوپای وڵاتەکە بە توندی وەڵامی ھێرشەکان بدەنەوە.
سوپای ئیسرائیل لەبارەی زیانە گیانی و مادییەکانەوە ھیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە و ھێزەکانیشیان لە باکوری وڵاتەکەیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. تەلەفیزیۆنی ١٢ی ئیسرائیلیش دەڵێت، دوان لە موشەکەکان لە خاکی ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە و سێیەم موشەکیشیان لەلایەن سیستمی بەرگری دژە موشەکەوە خراوەتە خوارەوە.