بەکر پاکدەمیرلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا دواین ئاماری ئاگرەکانی وڵاتەکەی راگەیاند و وتی، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا ١٠٧ ئاگر لە تورکیا کەوتووەتەوە ولەو ژمارەیەش ٩٨ ئاگریان کۆنترۆڵ کراوە و ٩ ئاگریان ھێشتا بەردەوامە و نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێن کە سێ لەو ئاگرانە لە ناوچەکانی سەر بە شاری ئەنتاڵیای گەشتیارین.
دوای ئەوەی راگەیەندرا تورکیا لە رووی سەوازییەوە دەیان ساڵ دەچێتە دواوە، پاکدەمیرلی دڵنیایی بە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی دا و وتی، لەبری ھەر نەمامێکی سوتاو ھەزار نەمام دەچێنن.
پاکدەمیرلی باسی لەوەش کردووە، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی رێژەی شێ لە تورکیا ١٠٪ دادەبەزێت، بۆیە پێویستە زیاتر ئاگادار بن و رێوشوێنی توندتر بگرنە بەر تاکو ئاگرەکان زیاتر نەبن. تاکو ئێستاش بەپێی دواین ئامار بەھۆی ئاگرەکانەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.