ھایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنیکدا لەگەڵ گۆڤاری دێر شبیگڵ ڕایگەیاند، سستی نواندنی ئێران لە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و دوورکەوتنەوەی لە ھێزە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نیگەرانی کردوون.


جەختیشی کردەوە، گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە بەرژەوەندی ھەموو لایەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بژاردەیە بۆ ھەمیشە بەردەست نابێت.


لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە لە ڤییەنا گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥ دەستیان پێکردووە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ئەنجامێکی نەبووە و چاوەڕوانیش دەکرێت دوای دەستبەکاربوونی ئیبراھیم ڕەئیسی سەرۆکی نوێی ئێران جارێکی تر دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە.