ڕۆشێل والنسکی بەڕێوەبەری ناوەندی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان و بەرەنگاربوونەوەی، ڕایگەیاندووە، بەھۆی مەترسیداریەتی ڕەوشەکەوە، ئەمریکا جارێکی تر کار دەکات بە بڕیاری ناچارکردنی ئەمریکییەکان بە بەکارھێنانی دەمامک لە شوێنە داخراوەکاندا، تەنانەت ئەو کەسانەش کە دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە دەبێت لە شوێنە داخراوەکاندا دەمامک بەکاربھێنن، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە کۆرۆنای دەلتا زۆر بە خێرایی لە وڵاتەکەدا بڵاو دەبێتەوە .


ئەوە لە کاتێکدایە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا مژدەی گەیشتنی بە قۆناغێکی گرنگدا بە ئەمریکییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا و ڕایگەیاند ھەر کەسێک دوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتبێت، پێویست ناکات لە شوێنە داخراوەکانیشدا دەمامک بەکاربھێنێت.