بەشێک لە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ھێزە ئەمنییەکانی ئێران گەمارۆی چەند ناوچەیەکی سەر بە پارێزگای ئەھوازیان داوە و پشکنین بۆ ھەر کەسێکیش دەکەن بچێتە ئەو ناوچەیە، ھەر خۆپیشاندەرێکیش لەناو مۆبایلەکەیدا ڤیدیۆ و وێنەی خۆپیشاندانەکان ھەبێت، دەستگیری دەکەن. 

ھاوکات ھێزە ئەمنییەکانی ئێران گازی فرمێسکڕێژیان دژی خۆپیشاندەران لە شاری فەلاحیە لە ئەھواز بەکارھێناوە، کە دژی حکومەت ناڕەزایی دەردەبڕن. 

زیاتر لە ١٠ رۆژە خۆپیشاندانەکان لە ئەھواز و چەندین ناوچەی تری ئێران بەردەوامە لە دژی قەیرانی ئاو، حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێرانیش بەڵێنی دابوو بە کردنەوەی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە، ھۆکاری دروستبوونی قەیرانی ئاویشی گەڕاندووەتەوە بۆ بەرزی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی بارانبارین.