ھێزەکانی پۆلیسیش ھەوڵی دوورخستنەوەی ئەو خۆپیشاندەرانەیان دا کە ویستیان لە شوێنی بەڕێوەچوونی رێورەسمە نزیک ببنەوە. خۆپیشاندەران کۆمەڵێک دروشمیان بەرزکردبۆوە و داوا ڕاگرتن و ھەڵوەشاندنەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادیان دەکرد .  
ئەمساڵ بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر بەڕێوەدەچن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوخۆی ژاپۆندا لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپیاد و حکومەتی ژاپۆنی ڕووبەڕووی ڕەخنە و فشارێکی زۆر بوونەتەوە . ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم ئامادەی ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد بوون کە زۆربەیان وەفەدەکان و ئەو میوانانە بوون کە پێشتر بانگھێشتکرابوون وەکو (جیل بایدن)ی ھاوسەری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 
سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن (یوشیھایدی سوگا) و حکومەتەکەی ڕەخنەی زۆریان لێدەگیرێت و بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە تەندروستی گشتی گەلی ژاپۆنی بە ھەند وەرناگرن ، بە تایبەت دوای ئەوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاری تۆکیۆی پایتەخت ژمارەیەکی پێوانەیی حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکرد.