وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی تێوەگلان لە سەرکوتکردنی دیموکراسی، حەوت کەس لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی چین کە بەڕێوەبردنی کاروباریی ناوچەیی ھۆنگ کۆنگیان لە ئەستۆیە، خراونەتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا.

ھاوکات ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە وەک کاردانەوەیەک بۆ سەرکوتکردنی داخوازییە دیموکراسییەکانی گەلی ھۆنگ کۆنگ لەلایەن حکومەتی چینەوە، دراوە و بەو شێوەیە دەیانەوێت نیشانی بدەن کە واشنتۆن بەردەوام لە پاڵ گەلی ھۆنگ کۆنگ دەبێت.

لە یەک ساڵی ڕابردوودا و بەھۆی سەرکوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان، ئەمریکا سزای بەسەر چەند بەرپرسێکی دیکەی ھۆنگ کۆنگدا سەپاندووە، لەوانەش سەرۆکی حکومەتی ناوچەیی و بەرپرسانی سەربازیی.