میدیاکانی بڵاویان کردووەتەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، لە ڕیفی پارێزگای دێرەزۆر، ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لە نێوان ھۆزە عەرەبەکانی (عەگیدات و زیبان) و ھەسەدە دەستیپێکردووە، بە پێی میدیاکان، شەڕەکە سەرەتا لە نێوان ژمارەیەک لە ھێزەکانی سوریای دیموکراتەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ھەر یەکەیان سەر بە ھۆزێک بوون و دواتر ئاڵۆزییەکان تەشەنەی کردووە و ھۆزی عەگیدات ھێرشی کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی ھەسەدە بۆ تۆڵەکردنەوە، بەھۆیەوە ژمارەیەک لە ئەندامی ھۆزەکان کوژراون.

مەترسی ئەوەش دەکرێت شەڕ و پێکدادانەکان بگوازرێتەوە بۆ ھەردوو شارۆچکەی (ھەجین و شحێل)، بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوشەکەش ھەسەدە لە حەسەکەوە ھێزی ڕەوانە کردووە.

بەڵام تا ئیستا ھێ سەرچاوەیەکی ڕەسمی لە ھێزەکانی سوریای دیموکرات زانیارییەکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە و ئامادەی ھیچ لێدوانێکیش نین لەو بارەیەوە.