تێد کروز سیناتۆری کۆمارییەکان ڕایگەیاند، پڕۆژەی یاسایەکی ئامادەکردووە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئیبراھیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە، خامنەییشی تۆمەتبار کردووە بە بەکارھێنانی توندوتیژی بەرامبەر خەڵکی ئێران و تێوەگلانی لە گەندەڵی.


ژمارەیەک یاساناسی ئەمریکیش، کە سەر بە ھەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتەکانن، نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردووە و نیگەرانی خۆیان لە ڕابردووی ڕەئیسی پیشانداوە، کە تێوەگلاوە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی، داواشیان کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە تۆمەتەکانی سەر ئیبراھیم ڕەئیسی بکرێت.


ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو ئیبراھیم ڕەئیسی بە بەدەستھێنانی زیاتر لە ١٧ ملیۆن دەنگ بە سەرۆک کۆماری ئێران ھەڵبژێردرا و سەرەتای مانگی داھاتوو وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەستبەکار دەبێت.