دوای ئەوەی سەعد حەریری بەھۆی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی، لە پێکھێنانی حکومەتی لوبنان کشایەوە، وەک ناڕەزایی دەربڕین دژی کشانەوەی حەریری ھەزاران کەس لە بەیروتی پایتەختی ئەو وڵاتە، ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای گەڕانەوەی حەریریان بۆ پێکھێنانی حکومەت کرد و بەشێک لە ڕێگە سەرەکییەکانی شارەکەیان داخست، بەڵام بەھۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک خۆپیشاندەر برینداربوون.


ڕۆژی پێنجشەممە سەعد حەریری کشانەوەی لە پێکھێنانی حکومەت ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر پێکھێنانی حکومەت لەگەڵ سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتووە، ھەر دوای کشانەوەکەشی، بەھای لیرەی لوبنانی بۆ کەمترین ئاست بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزی.