وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام تاران داوای کاتی زیاتری کردووە تا ئەو کاتەی دەسەڵات رادەستی ئیبراھیم رەئیسی دەکرێت. 


رونیشیکردووەتەوە، ھەر کاتێک رادەستکردنی دەسەڵات لەو وڵاتە کۆتایی ھات، ئەوا دەچنەوە ڤییەنا بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان.


لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی رایگەیاندووە، ئێران ئامادە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و ئەو ھەڵوێستەشیان بەو لێپرسراوانەی ئەوروپا راگەیاندووە، کە نێوەندگیرن لە دانوستانەکە.


لە مانگی نیسانی رابردووەوە، ڤییەنا میوانداری شەش خولی دانوستانی ئەتۆمی کردووە بە چاودێری یەکێتی ئەوروپا و بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمریکا.