محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز رایگەیاند، رۆژی یەك شەممە دابەشكردنی نەوت لە سنوری سلێمانی دەست پێدەكات، لە قۆناغی یەكەمیشدا لە ناوچە ساردەكانی پێنجوێن و هەورامان و شارباژێڕ نەوت دابەش دەكەن.
سەبارەت بە گرانبوونی نرخی بەنزینیش رایگەیاند، هاوردەكردنی بەنزین لە ئێران گەیشتۆتە سفر، حكومەتی هەرێمیش نەوت نادات بە پاڵاوگەكان، ئەو فاكتەرانەش بوون بە هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین.
عەبدوڵا كەریم سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە لە هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز رایگیەاند، بڕیارە سبەینێ لیژنەی دانانی نرخ لەگەڵ پارێزگار و قایمقامی هەولێر كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە و چارەسەركردنی كرێی پاسەكان، وتیشی، 35 هێڵی پاسی ناوشاریان هەیە، تەنها یەك هێڵ كرێی گران كردوە و پابەندنەبوە، ئەویش لێپرسیەوەی لەگەڵ كراوە.
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز رایگەیاند، لە سنوری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە مامۆستایانی وانەبێژ لە نزیكەی 50 خوێندنگە بایكۆتیان راگەیاندوە، نزیكەی 10 رۆژیشە ناڕەزاییەكانیان بەردەوامە، تائێستاش لایەنە پەیوەندیدارەكان وەڵامیان نەداونەتەوە.
لە هەولێریش ناڕەزاییەكان بەردەوامە و نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژیش لە هەولێر داوا دەكات مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێن.
بە پێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ھەرێم گەیشتۆتە ٣٥٥٥٤١ کەس کەلەو ژمارەیەش ٣٣٣٢٥٧ کەس چاکبوونەتەوەو ٦٢٦٥ کەسی تر گیانیان لەدەستداوە .
د.هێرش حەیدەر سەرپەرشتیاری تیمی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز رایگەیاند، ئامارەكانی توشبووانی كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە، بەراورد بە دوو هەفتەی رابردووش، توشبووانی كۆرۆنا چەند هێندە زیادیكردوە، بەو هۆیەشەوە نەخۆشخانەكان و تەختی چاودێری چڕ بەرەو پڕبوون دەڕوات. وتیشی، پێویستە هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن و دوور بكەونەوە لە شوێنە قەرەباڵغەكان و ڤاكسینیش وەربگرن.
بەڕێوبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی لە رونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتییان لە بەشێک لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانە لێکدانەوە بۆ ناوەڕۆکی نوسراوەکە کراوە، لەکاتێکدا نوسراوەکە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە راستی و دروستی کەمکردنەوەی نرخ لە لایەن ئەو فرۆشیارەی کە داوای لە ئێمە کردووە، چونکە ھەندێک جار فرۆشیاران وەک فێڵێک دابەزاندنی نرخەکان بەکار دەھێنن بۆ سەرنج راکێشانی ھاوڵاتیان.
دەشڵێت، لێرەوە بۆ بەرچاو روونی رای گشتی رایدەگەیەنین بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەپاڵ چاودێری کردنی نرخەکان بۆ رێگریکردن لە بەرزبونەوە و ھاوکات لەگەڵ ھەموو جۆرە دابەزاندنێکی نرخداین و دەستخۆشی لەھەر خاوەن کار و فرۆشیارێک دەکەین کە نرخی کاڵا و شمەک لە بەرژەوەندی گشتی کەم بکاتەوە.
چاودێری بازرگانی سلێمانی دووپاتیکردووەتەوە، بەھەموو لایەکی رادەگەیەنن کارو بەدواداچونی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمدایە.
ئەڤین جومعە ھاوسەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی جزیرە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەو پێشێلکاریانە کرد کە تورکیا و گروپەکانی ھاوپەیمانی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە گرێ سپی و سەرێ کانی ئەنجامیان داون.
وتیشی، کۆی ئەو پێشێلکارییانە بە راپۆرتێک ئاڕاستەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردوە لە شاری قامیشلو.
بەھۆی زیادبونی ژمارەی توشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رۆژی دووشەممە کۆدەبێتەوەو رەوشی تەندروستی و رێکارەکان و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین و ھاندانی ھاووڵاتییان بۆ خۆپارێزی تاوتوێ دەکات و بڕیاری نوێ بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی دەردەکات.
ھاوکات د.ھێرش حەیدەر سەرپەرشتیاری تیمی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە ھەڵکشاندایە، بەراورد بە دوو ھەفتەی رابردووش رێژەکە چەند ھێندە زیادیکردووە و نەخۆشخانەکان و تەختی چاودێری چڕیش بەرەو پڕبوون دەڕۆن.