بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند ، لەگەڵ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریین و نامانەوێت بەپاساوی سیاسی رێڕەوی بڕیارەکان و سەربەخۆیی دادگاکانمان بکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
 بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لە دەباشان پێشوازیکرد لە کلێمێنس زێمتنەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم، رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان و ھاوپەیمانی کوردستان کرا و  بەھێزترکردنی پێگەی کورد لە ناوەند تاوتوێکرا.
ھاوسەرۆک بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد، پەرۆشی و پشتگیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە ، بۆ سەرخستنی ھەر ھەوڵێک کە لایەنەکان لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانی کۆبکاتەوە و ناکۆکی و جیاوازییە سیاسییەکان بخاتە خزمەت بەرژەوەندی گشتی. بۆ ئەوەش رایگەیاند، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی کراوەیە و دەمانەوێت ئاڕاستە و بیرکردنەوەکانمان ھەرچەند لەیەکتر دووربن، بەڵام دواجار ھەمووی بخەینە خزمەت کوردستان. چەندین ھەوڵی یەکێتی بۆ یەکڕیزی نیشتمانی ئاشکراکرد و داوایکرد چیتر مەرامی حزبی و ناکۆکییە کەسییەکان نەکرێنە پێوەر بۆ پەیوەندییە سیاسییەکان چونکە بەرژەوەندی ھەرێمەکەمان لەسەروو ھەموو ناکۆکییەکانەوەیە .
لەبارەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان و ھاوپەیمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی ئەم ھەنگاوە ئەرێنی و نیشتمانییەی بەسەرەتای یەکخستنەوەی ماڵی کورد وەسفکرد و جەختیکردەوە ، ئەم ھاوپەیمانییە رەھەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەیە و دژی ھیچ ھێز و لایەنێک نییە، بەڵکو دەمانەوێت لەو رێگایەوە پێگەی کورد لە بەغدا بەھێزبکەین و مافەکانمان بەدیبھێنین. خواستیشمانە ئەم بەرە نیشتمانییە فراوانتر بکەین.
ھەر لەدیدارەکەدا لەبارەی ئازادی نووسین و رادەڕبڕین و زیندانیکردنی گەنجەکانی بادینان ھاوسەرۆک روونیکردەوە، لەگەڵ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریین و نامانەوێت بەپاساوی سیاسی رێڕەوی بڕیارەکان و سەربەخۆیی دادگاکانمان بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆئەوەش داوامان لە ناوەندە یاسایی و قەزاییەکان کردووە پێداچوونەوە بەم بڕیارانە بکرێت بۆئەوەی نەبینە ھۆکارێک بۆ لەکەدارکردنی ئەزموونی دیموکراتی لە ھەرێمەکەمان. وەک یەکێتیش بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی قەڵەمە ئازاد و بوێرەکان دەکەین و رێگەنادەین بەھیچ شێوەیەک سنوورەکانی ئازادی لە ھەرێمی کوردستان بەرتەسک بکرێتەوە.