ئەمڕۆ، لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە مارتن ھوس باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڤێنسنت گیووم پۆپۆ لێپرسراوی نوسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان. 
لە دیدارێکدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پرسی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن.
جەختکرایەوە لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی ھەوڵەکان لە پێناو چالاککردنی پڕۆسەی سیاسی و گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ھاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکان.
باس لە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرا و پابەندکردنی ھەردوولا دووپاتکرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و پەنابردنە بەر دەستوور و ڕێککەوتنە ئیمزاکراوەکانی نێوانیان. بوونی نەخشەڕێگایەکی بنەڕەتی و درێژخایەنیش بە گرنگ زانرا بۆ یەکلاییکردنەوەی ھەموو کێشەکان.
ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و فراوانکردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان، پێویستی پارێزگاریکردن لە سەربەخۆیی دادگا لە کەیسی سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان دووپاتکرایەوە. لەو ڕووەوە ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی، ڕایگەیاند: "بە ڕای ئێمە ئەو کەیسە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ناو و ناوبانگی حکومەت و ھەرێمی کوردستان کە چەندین ساڵە خەباتمان بۆ کردووە و قوربانیمان بۆ داوە تا گەیشتووین بەو ئاستەی ئێستا".
ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی ھەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردنی میدیای ئازاد و پشتگیریکردنی چالاکوانان کە ھەر بەو پشتیوانییەش سلێمانی بووە بە شوێنی لەدایکبوونی ئازادی و میدیای ئازادی کوردستان، دووپاتیشیکردەوە کە یەکێتیی بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتە و کاری زیاتریش دەکات بۆ پتەوکردنی کۆڵەکەکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان.
لە بارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی جەختیکردەوە کە دەستوور بۆ ھەمووانە نەک تەنھا بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی ناویان ناوە زۆرینە و پێویستە لە ڕێگەی دەستەیەکی نوێ و پسپۆڕەوە بنوسرێتەوە کە تەنھا بەرژەوەندیی گشتی تێدا ڕەچاو بکرێت.