د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم رایگەیاند، دوای کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە ناوپۆل، وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە بە ھاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری پابەندبوون و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی دەکەن، بە پێی بەدواداچونەکانیش پابەندبوون بە رێنماییەکان لە ئاستێکی باشدایە.

راشیگەیاند، ھەرچەندە ھەڵسەنگاندنی ئامارەکانی بەرزبونەوەی کۆرۆنا یاخود نزمبونەوەی رێژەکەی پێویستییان بە دوو ھەفتە ھەیە، بەڵام تا ئێستا  پابەندبوونەکان لە ناوەندەکانی خوێندن لە ئاستێکی باشدایە و کاریگەری خراپی دروست نەکردوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بە بڕیاری لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە ھەرێم لە ١٦ی ئایاری ٢٠٢١ بە مەرجی پابەند بوون بە رێنماییەکان دەرگای خوێندنگەکان کرانەوە و پرۆسەی خوێندن لە ناوپۆل سێ رۆژ لە ھەفتەیەکدا دەستیپێکردەوە.