لە دیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێویستی پەیڕەوکردنی زمانی ھاوبەش، یەکدەنگی و لێکتێگەیشتنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم تەئکیدکردەوە و دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی بۆ ئەم ھەلومەرجە بەگرنگ زانی تاوەکو لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەرکارەکان پەیوەندییەکان رێکبخرێنەوە و پێکەوە ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک فەراھەم بکەن. ئەم ھەنگاوەشی بەھۆکاری بەرقەراکردنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی وەسفکرد.

سەبارەت بە ھەوڵەکانی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە گفتوگۆی ھەمەلایەنەکرا و ھاوسەرۆک جەختی لە رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی یەکە سەربازییەکان کرد لەسەر بنەمای زانستی و مەشقپێکردنێکی سەردەمییانە، بۆ ئەوەش ھاوکارییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیای بە پێویست زانی و لەو ڕووەوە خواستی یەکێتی روونکردەوە و وتی، ھاوسەنگی و بنەمای یەکسانی پەیڕەوبکرێت بۆ بنیادنانی ھێزێکی یەکگرتووی پڕچەک و بەدیسپلین لەسەر بنەما نوێیەکانی سەربازی.

پرسی ئازادی رادەربڕین تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو و ھاوسەرۆک روونیکردەوە یەکێتی لەگەڵ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و ئازادی رادەربڕین نییە و نامانەوێت بەناوی یاساوە ماف و ئازدییەکان سنورداربکرێن، چونکە یەکێک لە کۆڵەکە و سەروەرییەکانی ئەزموونی دیموکراسی ھەرێمی کوردستان بوونی ئازادی، ئازادی رادەربڕین و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ھەموولایەکە.

لەبارەی پرسی دەستووریشەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەچەند خاڵێکی نیشتمانی کرد بۆ نووسینەوەی دەستوور و رایگەیاند، دەمانەوێت ببینە خاوەنی دەستوورێک کە تێیدا ھاووڵاتی ئامانجی سەرەکی بێت و بتوانین لەو رێگایەوە سیستەمێکی سیاسی گونجاو و حکومڕانییەکی باشتر بۆ گەلەکەمان مسۆگەربکەین.