لەیلا عومەر جێگری پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، پاش دوو ھەفتە کارکردنی بەردەوامی شەوانە و رۆژانە توانیمان بلوارەکانی شەقامی مەلیک مەحمود و شەقامی تاسلوجە_سلێمانی لە وشکبوونی یەکجارەکی بپارێزین و دووبارە سەوزی و ژیانیان بۆ بگەڕێنینەوە، چونکە بەشێکی ئەم بلوارانە وشک ببوون و بەشێکی تریشیان بەرەو وشکبوون دەچوون و پووش و پەڵاشێکی زۆریان لەخۆیان گرتبوو.

راشیگەیاندووە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی پارەوە ھیچ بودجەیەکی بۆ سەوزڕاگرتنی ئەم بلوارانە خەرج نەکراوە، بەڵکو تەنھا چەند بودجەیەکی بچووکی لەلایەن خێرخوازانەوە بۆ دابینکراوە، لە کاتێکدا پێشتر نوسراو بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بەڵام ھەتا ئێستا خەرجکردنی بودجەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە واژۆ نەکراوە.

وتیشی، لە ئێستادا ھاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بودجەیەکیان لەسەر ئەرکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ دابین کردووە بەمەبەستی سەوزکردنەوەی ئەم بلوارانە و ھەڵوێستی بەڕێزیان بەرز دەنرخێنین.

ئاماژەی باوەشکردووە داواکارن ھەرچی زووە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی بدەن لەسەر خەرجکردنی ئەو بودجەیە تاکو رێکارە یاساییەکانی تری بۆ ئەنجام بدرێت و چیدی بلواری شەقامەکانی شاری سلێمانی بێناز نەبن.