لەدیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ھەرێم و عێراق، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق کرا.

ھەردوولا ھاوڕابوون لە خستنەگەڕی ھەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی گرژی و ناکۆکییەکان و رەخساندنی زەمینەی دیالۆگی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندی ھاوبەش کە سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە.

بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی و خواستی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی حکومڕانی لە ھەرێم و یەکخستنی ھێز و تواناکان دووپاتکردەوە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و کۆدەنگی نیشتمانی لەسەر ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە. ئەو ھەنگاوەشی گەڕاندەوە بۆ دروستکردنەوەی متمانە و ھاوسەنگی و شەراکەتی راستەقینە لە بڕیاردان و ئیدارەدان و گۆڕینی سیستمی سیاسی لە ھەرێم کە ئەمە خواستی ئەمڕۆی کۆمەڵانی خەڵکە.

ھەر لە دیدارەکەدا پرسی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و پێکھاتەکان گفتوگۆی لەبارەوەکرا و  ھاوسەرۆک روونیکردەوە یەکێتی لەگەڵ ئازادی رادەربڕین و پاراستنی بنەماکانی ئازادی و کەلتووری یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە.

ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو کە ھەردوولا جەختیانکردەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە دووربێت لە دەستێوەردان و لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش رۆڵی چاودێر ببینێت.