لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا دەربارەی دوایین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی چاکسازی و یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە و جەختکرایەوە لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی ڕووبەرووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکان.

ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی سوپاسی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و پشتیوانیی خۆی دەربڕی بۆ پەیامە ڕاشکاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی خاتوو جینین ھێنیس پلاسخارت کە لە پێناو گەشەکردنی دیموکراسی و ھەرێمی کوردستانێکی بەھێز و ھێنانەکایەی سەقامگیریی سیاسی و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر قەوارەی ھەرێم، بە پەرۆشەوە دەستی خستە سەر کێشەکان و داوای نەھێشتنی ناکۆکییە سیاسییەکان و یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکانی کرد.

ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی جەختیشیکردەوە کە ئەوەی خاتوو پلاسخارت داوای دەکات ھەمان داواکاریی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.

‎لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باس لە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا و پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پابەندبونی ھەردوولا بە ڕێککەوتنە ئیمزاکراوەکانی نێوانیان دووپاتکرایەوە.

ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی خواستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی چاکسازیی ھێزەکانی پێشمەرگە بە ڕەچاوکردنی بنەمای ھاوسەنگی و دوورکەوتنەوە لە بەرژەوەندیی حزبی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.

‎لە دیدارەکەدا ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر کارکردنی ھەموو لایەنەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لە وادەی خۆیدا  لە ژێر چاودێری کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی پڕۆسەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت و ببێتە نموونەیەک بۆ سەرکەوتنی دیموکراسی لە وڵاتدا و داھاتویەکی باشتر و خۆشگوزەرانی بۆ ھاووڵاتییان لێبکەوێتەوە.