وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ھاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، ئەوانەی پێوەری زیرەکیان بۆ دانراوە لەم قۆناغەدا وەزارەتی کارەبا ھەڵدەستێت بە دیاریکردنی بڕی پێدانی کارەبا. روونشیکردەوە، جۆری پێوەری "سینگل فەیس" ٤٠ ئەمپێڕ و "سری فەیس" ٩٠ ئەمپێڕ کارەبایان پێدەدرێت. ئاشکراشیکرد، ھەموو ئەو ھاوڵاتیانەی پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە ئەگەر وزەی کارەبای بەکارھاتوو لەو ئاستەی وەزارەت دیاریکردووە زیاتر بەکاربێنن، ئەوا وەکو ئاگادارکردنەوەیەک وزەی کارەبای ئەو ھاوبەشە بۆ ماوەی ٤٥ چرکە دەکوژێتەوە و دوای دوو دەقە و ٣٠ چرکە کارەباکەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر لە ماوەی ٣٠ دەقەشدا پێنج جار بڕینی کارەبا لەسەر یەک روویدا، ئەوکات کارەبای ھاوبەشەکە دەبڕدرێت و دوای ٤٥ دەقیقە کارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە. وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، لەگەڵ باشکردنی رەوشی کارەبا و جێگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی سیستمی کارەبا، گۆڕانکاریی بەسەر پەیڕەوکردنی شێوازی دیارکردنی بڕەکەدا دێت.