لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لە ‌بارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە، سەرباری تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەو بارەیەوە ھەردوولا ھاوڕابوون کە پێویستە پەیوەندییەکی تەندروست و باشتر ھەبێت لە نێوانیاندا. 


ھاوکات جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەبوونی حکومەتی ھەرێمی دەربڕی بۆ پابەندبوون بە یاسای بودجەی عێراق و ڕاشیگەیاند: بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغداد بکەینەوە.


سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەردوولا ھاوڕابوون کە دەبێت پڕۆسەیەکی ھەڵبژاردنی بێگەرد بەڕێوەبچێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕۆڵی خۆی ببینێت لە چاودێریکردنی پڕۆسەکەدا. 


لە ‌بارەی چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی چاکسازی لە ‌سێکتەرە جیاوازەکان و جەختیکردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی لەسەر ڕێچکەی دروستی چاکسازی و فراوان کردنی ئازادییەکان و بەرجەستەکردنی بەھاکانی دیموکراسی بێت.