ڕاشیگەیاند، ئەم ھاوپەیمانی و لێکتێگەیشتنە دەبێتە مایەی ئارامی و تەبایی و یەک ڕیزی کوردستانی کە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و دیموکراسی زۆر پێویستن.


ھەروەھا ئەنجومەنی سەرکردایەتی وێرای پیرۆزبایی لە سەرجەم کەسوکاری شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ڕێکخستن و ھەڤاڵانی یەکێتی بە بۆنەی ٤٦ھەمین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی و ٤٥ ساڵەی ھەڵگیرساندنی شۆرشی نوێی گەلەکەیان بە ڕابەرایەتی سەرۆک مام جەلال، ئۆرگانەکانی ڕاسپارد بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا، یادە مەزنەکە بە جۆش و خرۆشی یەکێتیانەوە بکەنەوە و ڕاگەیاندنە جیاجیاکانی یەکێتی-یشی ڕاسپارد ئەو ئەرکە حزبی و نیشتمانیە جێبەجێ بکەن. 


ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەکەیدا ھەڵوەستەی جددی لە ئاستی ڕەوشی ئەمنی، سیاسی و خزمەتگوزاریی، ناوچە جێناکۆکەکان بە گشتی و کەرکوک  و خانەقین بە تایبەتی کرد و پێی وابوو باشترین ڕێووشوێنی دابینکردنی ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکان لەو ناوچانە بە سەرخستنی ژیرانەی بەرنامەی ھەماھەنگی ھاوبەشی نێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عیراق و ھێزە ئەمنییەکان دەبێت. 


لە باسی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، ئەنجومەنی سەرکردایەتی تەئکیدی کردەوە لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکراوە و دەبێتەی مایەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.