دەقی پەیامەکە : 

چوارساڵ لەمەوبەر کوردستان یەکێک لە سیمبولەکانی شۆڕشی نوێ، سەرکردەی رۆژانی خەبات، گەنجینەیەکی گەورەی سیاسەت و نووسەرێکی لێھاتووی لەدەستدا.


ئەو رۆڵە مێژووییەی کاک نەوشیروان لە دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا بینیوویەتی بۆ ھەمیشە لەیادمان دەبێت و بە ئەوپەڕی وەفادارییەوە لێی دەڕوانین. ھەوڵەکانیشی لەپێناو چاکسازی و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بەرز دەنرخێنین.


کۆچی دوایی ھەردوو سەرکردە و خەباتگێڕ مام جەلال و کاک نەوشیروان، بۆشاییەکی گەورەی لە کایەی سیاسیدا دروستکرد، بەڵام ڕێبازەکەیان بەردەوامە و ئەمڕۆ ئێمە درێژە بەو کاروانە ئەدەین. بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە ھەڵگری مەشخەڵی خزمەتکردنی خەڵک، چاکسازی، یەکڕیزی و تەبایی دەبین. پێکھێنانی ھاوپەیمانی کوردستانیش لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق ھەر لەوپێناوەدا بووە. پێکەوە ھەنگاوی جدی دەنێین بە ئاراستەی یەکڕیزی نیشتمانیی، خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم .


دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و سەربەرزی و سەرفرازی خەڵکی قارەمانی کوردستان خەونی لەمێژینەی مام و کاکە نەوەی ھاوڕێ و ھاوسەنگەری بووە، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مێژوویی ئێمەیە ئەو خەونە بھێنینەدی و پێشکەشی رۆحی ئەو دوو سەرکردە قارەمانە و سەرجەم ئەو شەھیدانە بکەین کە خوێنیان بەخشییە خاکی پیرۆزی کوردستان.