دەقی پەیامەکە:

بەبۆنەی (٢٩) بیست و نۆھەمین ساڵڕۆژی ئەنجامدانی یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم کوردستانییانی ئازیزو خۆشەویست دەکەین.


ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەھەلومەرجێکی سەخت و دژواری سیاسی، ئابووری، ناسەقامگیرو تەژی لەئاڵنگاریی ناوخۆیی و ئیقلیمی، بڕیارێکی بوێرانەی بەرەی کوردستانی و سەرکردایەتیی سیاسی بوو، لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە مێژووییەکانی گەلەکەماندا.


ھەڵبژاردنی پەرلەمان و متمانەدان بەکابینەی یەکەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی گەورەو بەرجەستەکردنی ئیرادەو خواستی گەلەکەمان بوو بۆ خۆبەڕێوەبەری، ھاوکات خواستی گەلێکی ستەملێکراو بوو بۆ دیموکراسییەت و بەدەستھێنانی مافە ‌ سیاسی و مەدەنی و فەرھەنگییە زەوتکراوەکانی.


لەئێستاشدا پەرلەمانی کوردستان، وەک دامەزراوەیەکی دەستووریی ھەرێم، لەسنووری دەستڕۆییەکانی خۆیدا بەبێ جیاوازی ئاین، نەتەوەو ئینتیمای سیاسی، ھەوڵدەدات بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییە باڵاکان و نوێنەرایەتیکردنی ھاووڵاتییان لەبەدیھێنانی ماف و داخوازییە ڕەواکانیان و بەجێھێنانی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی.


لەم یادە پیرۆزەدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەھیدانی کوردستان دادەنەوێنین، کەدەستکەوتەکانی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی خوێنی گەشی شەھیدانە، دروود بۆ ڕۆحی پاک و بەرزەفڕیان.