لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە ھەولێر بەرێوەچوو، باس لەپرۆسەی چاکسازی و پۆرتاڵی خزمەت و بایۆمەتری لە ھەرێمی کوردستان کرا، لەگەڵ گرنگی بەئەلیکترۆنیکردنی کاروبارە حکومییەکان و ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری لە رێگەی گرنگیدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار کە ماوەی شەش ساڵە قوباد تاڵەبانی کاریان لەسەر دەکات. 
ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگیدان بە چاکسازی بانکی وەک بنەمایەک بۆ چاکسازیی گشتگیر و بنەبڕکردنی گەندەڵی و باسیان لەچۆنییەتی بەستنەوەی زانکۆکانیش کرد بە بازاڕی کارەوە. 
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران، ڕوونیکردەوە ئێستا سەرقاڵی ھەموارکردنی ئەو یاسا کۆنانەن کە رێگرن لە چاکسازی، ئەوەشی ڕوونکردەوە ھەرێمی کوردستان لەپاش جێبەجێکردنی بایۆمەترییەوە بووەتە خاوەنی زانیاری خۆی و پێشتر بۆشایی گەورەی زانیاری ھەبوو.  
لە کۆبوونەوەکەدا لیز ئاتوێڵ، جێگری بەڕێوەبەری گەشەپێدان و ئەلێکساندەر ھامڵتۆن، راوێژکاری ئابوری و ئامار، نیکۆلا میڵن، بەڕێوەبەری چاکسازی لە پێناو سەقامگیری عێراق و ئیلینۆر لیپمان، سکرتێری دووەمی چاکسازی و ئاسایش لە کونسوڵخانەی بەریتانیا ئامادە بوون.